وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی چۆنیەتی گەیاندنی كۆمەك بۆ رۆژئاوای كوردستان، بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی دووەم، وەزارەتی ناوخۆ رای گەیاند، هەڵمەتی گەورە لە هەموو كوردستان دەستی پێ كردووە، بڕێکى زۆر پاڵپشتی و شتومەكی جۆراوجۆر لە لایەن هاونیشتیمانییان بۆ رۆژئاوای كوردستان كۆ كرانەوە، پرۆسەی گەیاندنیان بە شێوەی سەلامەت لە رووی لۆجستی و کارگێڕییەوە دەستی پێ كردووە.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەكەن.
"داوا دەكەین خێرخوازان بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی دەستی هاوكاری بە هەمان ئەو میكانیزمەی داندراوە و هیچ كەس و لایەنێك كەلوپەل و كۆمەك نەباتە سنوور، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەكاری و رەزامەندی پێشوەختە هەیە". وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێ.
هەروەها دووپات لەوە كراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان هەموو ئامادەكارییەكان لە رووی كۆكردنەوە، رێكخستن و پۆلێنكردنی كەلوپەلەكان و گەیاندن و گواستنەوەیان بۆ رۆژئاوای كوردستان لە ئەستۆ دەگرن، سەردانیان بكەن و بەو میكانیزمەی داندراوە كۆمەك و پاڵپشتی بگوازنەوە رۆژئاوا.