یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوشارەكانی لە دژی لەتیف رەشید كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق دەست پێ كرد، كە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە سەرۆك كۆماری عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چەند كەناڵێكی پێوەندییەوە، گوشارەكانی لە دژی لەتیف رەشید دەست پێ كردووە.
سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، داوا لە لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری ئێستەی عێراق و كاندید بۆ خولی داهاتوو كراوە، لەو پڕۆسەیە بكشێتەوە، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ئەو سوورە لەسەر كێبڕكێیەكە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكەی.
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆ ببێتەوە، پارتی و یەكێتی بە جیا كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.
سەرچاوەكە دەڵێ، لەتیف رەشید وەك كەسێكی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە و كاندیدی هیچ لایەنێك نییە، بەڵام بۆ هێنانی دەنگی پێویست قسەی لەگەڵ چەند لایەنێك كردووە.
هەر ئەمڕۆ میدیاكانی نەوەی نوێ و یەكێتی، هەڵمەتێكیان دژی لەتیف رەشید دەست پێ كرد و پرسیاری ئەوەیان دروست كردووە، كە لەتیف رەشید لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكشێتەوە.