بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوە ببات، لەناو كاندیدەكاندا تاكە كاندیدی بەهێز فوئاد حوسێنە، كە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
فوئاد حوسێن، كەسایەتییەكی سیاسیی نەرم و دیپلۆماسییە، ئێستە وەزیری دەرەوەی عێراقە و كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
كەسێكی نزیكە لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و ڕۆڵی كارای لە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان و تەنانەت عێراق لەگەڵ وڵاتاندا هەبووە.
فوئاد حوسێن لە دایكبووی ساڵی 1946ی خانەقینە، كەسایەتی و سیاسەتمەداری كوردە، پێشتر وەزیری دارایی عێراق و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بووە.
فوئاد حوسێن لە 1966 پێوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی قوتابییانی كوردستان كرد، ساڵی 1971، لە زانكۆی بەغدا خوێندنی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی تەواوكردووە.
فوئاد حوسێن لە ماوەی 14ی حوزەیرانی 2005 تا یەكی تشرینی دووەمی 2017، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بووە و جێی متمانەی سەرۆك بارزانی بووە.
ئەو کاندیدەى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە كۆتایییەكانی 2018 بۆ ناوەڕاستی 2020، بووە وەزیری دارایی عێراق لە كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی.
دوای ھەڵوەشانەوەی كابینەكەی عەبدولمەھدی ئەوا مستەفا كازمی كابینەیەكی نوێی ڕاگەیاند و فوئاد حوسێن كرایە وەزیری دەرەوەی ئەم كابینەیە، تا ئێستەش لەو پۆستە بەردەوامە.