رێنوێنیی دابەشكردنی زەوی گەیشتە فەرمانگەكانی حكوومەت بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەست بكەن بە پڕكردنەوەی فۆرم.
ئەمڕۆ سێشەم 27ـی كانوونی دووەم، شێروان كەریم نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕێنوێنیی گەیشتە گشت داودەزگاكانی حكوومەت بە مەبەستی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست.
باسی لەوەش كرد، پێویستە فەرمانبەران و فەرمانگەكان پەلە بكەن و هاوكاربن بۆ ئەوەی بە زووترین كات فۆرمەكان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی.
پێشتر بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، كە ماوەی خزمەتی كردەییان لە هەشت ساڵ كەمتر نەبێت.
هاوكات سەرچاوەیەكی تایبەت، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەمان مەرج و ڕێكارەكانی هاتوو لە ڕێنوێنیی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی (2024)ـی هەمواركراو، بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستیش جێبەجێ دەكرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕیار درا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەكە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، بۆ ئەوەی هیچ جیاوازییەك لەگەڵ فەرمانبەری هەمیشەیی نەبێت، سەرۆكی حكوومەت فەرمانی دابەشكردنی زەویی پێداون.