لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر، بڕیار درا چوارڕیانێكی هەولێری پایتەخت بەناوی "كەزی" بكرێ.
ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی كانوونی دووەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر ساز دا.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر، پێشنیاری بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر كرد، چوارڕیانێكی هەولێری پایتەخت بەناوی كەزی بكەن، شوێنێكی گونجاوی بۆ هەڵبژێرن، چونكە ئەم پرسە ئەمڕۆ بووەتە دیفاكتۆی سوڕبوون لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی گەلی كورد و زیندووكردنەوەی رۆحی بەرگریی و مقاوەمەت و بەرپەرچدانەوەی ستەمی داگیركەران.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە، ئەم ناونانە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی هەیە و ئاماژەیەكی روونە بە یەكگوتاری ناوماڵی كورد.
ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی دوای تاوتوێكردنی پرسەكە، بە كۆی دەنگ پێشنیاری پارێزگاری هەولێر بۆ ناونانی چوارڕیانێكی هەولێری پایتەخت بەناوی كەزییان پەسند كرد. دووپاتیان لەسەر ماهیەتی قووڵی پێشنیارەكە كردەوە كە بۆ هەموو لایەكی دەسەلمێنێ، گەلی كوردستان لەهەر بەشێكی كوردستان بن، یەك بیر و یەك رۆح كۆیان دەكاتەوە.