پەروەردەی كەركووك بڕیاری لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو مامۆستایە دا كە ئەمڕۆ لەسەر كێشانی وێنەی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەیەكی ئەو شارەدا، قوتابییەكەی دەركردبوو.
ئەحمەد كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڵاوی كردەوە كە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركووك قسەی كردووە و بڕیاری لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو مامۆستایە داوە كە لەسەر كێشانی وێنەی ئاڵای كوردستان قوتابییەكی دەركردبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە، لە نزیكەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەكەن و قوتابییەكەیش دەگەڕێتەوە بۆ سەر كورسیی خوێندن.
رووداوەكە بەمشێوەیە بوو، كە قوتابی دیار خەلیل ئیبراهیم لە خوێندنگەی "ئەجیال نەسری" لە شاری كەركووك دەخوێنێت، لە كاتی تاقیكردنەوەی وانەی هونەردا، وێنەی ئاڵای كوردستانی وەك بابەتێكی هونەری كێشابوو. بەو هۆیەوە لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكەیەوە سزایەكی توند درابوو، كە بریتی بوو لە دەركردنی لە قوتابخانە و بێبەشكردنی لە خوێندنی ئەمساڵ.
بەڵام ئەو بڕیارە كاردانەوەی لێ كەوتەوە، چالاك و خەڵكی كوردستان لەسەری بەدەنگ هاتن، بۆیە قوتابییەكە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن.