"راگەیاندنی عەرەبی فیتنە و درۆ بڵاو دەكەنەوە و هانی كۆمەڵكوژی دەدەن"

:: AM:10:59:29/01/2026 ‌
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و یەكێتیی راگەیاندنی ئازاد، سەركۆنەی رووماڵی چەند میدیایەكی عەرەبی لە بەرانبەر خەڵكی رۆژئاوای كوردستانیان كرد و دەڵێن، فیتنە و درۆ بڵاو دەكەنەوە و هانی كۆمەڵكوژی دەدەن.

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و یەكێتیی راگەیاندنی ئازاد، ئەو كەناڵانەی باسی دەكەن بریتین لە جەزیرە، عەرەبییە و عەرەبیە حەدەس.

بەپێی ئەو بەیاننامە هاوبەشەی بڵاویان كردووەتەوە، كاری ئەم كەناڵانە گوتاری رق و كینە و هاندانی مەزەوی زیاد دەكات، كە بووەتە هۆی هێرشی قڕكردنی سیستماتیك دژی پێكهاتەكانی گەلانی سووریا.

دەشڵێن، بە توندی رووماڵ و چەواشەكارییەكانی ئەو كەناڵانە و دەزگا فەرمییەكان و كەسایەتییەكانی سەربە حكوومەتی كاتیی سووریا شەرمەزار دەكەین، كە فیتنە و درۆ بڵاو دەكەنەوە و راستەوخۆ هانی شەڕ و كۆمەڵكوژی دەدەن، رای گشتی دەخەڵەتێنن و بە ئەنقەست گورز لە فرەڕەنگیی سووریا دەدەن .

ئەم دوو رێكخراوە رۆژنامەنووسییە، ئەم دەزگایانە بە هاوبەشی شێواندنی رووداوەكان دەبینن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ دژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەم كەناڵانە دوای ئەوەی دەستیان لە بنەماییترین پێوەرە پیشەییەكان هەڵگرت، پەیماننامەكانی ئیتیكی رۆژنامەوانیان پێشێل كرد و بوونە ئامرازی فیتنە بۆ ئەجێندا سیاسییەكان.

داواش دەكەن دەستبەجێ گوتاری رق و كینە و هاندان رابگیرێت، پابەندی بێلایەنی بن و رۆژنامەنووسانیش لایەنگری راستی بن و نەبنە هاوبەشی كۆمەڵكوژییەكانی سووریا.



وشە - سۆران عەزیز