ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی رۆژئاوا هاتنە دەنگ

:: PM:05:47:29/01/2026 ‌
ئەمەریكا، فڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە. 

لە راگەیەنراوی ئەو وڵاتانەدا هاتووە، ئێمە پێشوازی لە درێژكردنەوەی ئاگربەستی 15 ڕۆژەی نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكەین كە لە 24ی كانووندا ڕاگەیەنرا. داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین بە توندی پابەندی ئاگربەستەكە بن و ددانبەخۆداگرتنی تەواو بنوێنن. داوا لە هەموو لایەنە دەرەكییەكان دەكەین بێنە ڕیزی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و كەمكردنەوەی توندوتیژی.
 
"ئێمە پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە پاراستنی خەڵكی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی دووپات دەكەینەوە، پێشوازی لە نیشتەجێكردنی ڕێڕەوە مرۆییەكان دەكەین بۆ دەستەبەركردنی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بە سەلامەتی و بێ بەربەست، دووپات لەوە دەكەینەوە كە دەبێت ئەم ڕێڕەوانە بەردەوام بن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شاری كۆبانی دەست پێ بكەنەوە" لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
 
هەروەها ئەو وڵاتانە دەڵێن، پێشوازی لەو ڕۆڵە گرنگە دەكەین كە هاوبەشەكانمان دەیگێڕن، لەوانە عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیانەی كە داعش دروستی كردوون.
 
داوایش دەكەن كە بە خێرایی لەسەر ئاگربەستێكی هەمیشەیی ڕێكبكەون، و لە زووترین كاتدا دەست بكەنەوە بە دانوستانەكان بە ئامانجی تێكەڵبوونی ئاشتییانە و بەردەوامی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی یەكگرتوو و خاوەن سەروەری كە بە شێوەیەكی كاریگەر ڕێز لە مافی هەموو هاووڵاتییانی بگرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم