نێچیرڤان بارزانی: ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی دروستە بۆ مسۆگەرکردنی مافی کورد

:: PM:02:18:30/01/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ئەمە زەمینە خۆش دەکات بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتوودا.

ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند پێشوازی و پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین بۆ ڕاگرتنی شەڕ، تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان و مسۆگەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێمە هەمیشە باوەڕمان وابووە کە دیالۆگ و لێکگەیشتن و ڕێگەچارەی سیاسی، تاکە دەرچەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە، ئەم ڕێککەوتنە ببێتە مایەی بنیاتنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری داهاتوودا.


وشە - پۆڵا مەحموود