سەرکردەیەکی پارتی: لەبارەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هیچ پێشنیارێکمان بۆ یەکێتی نەکردووە

:: PM:02:28:30/01/2026 ‌
سەرکردەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن پارتی ئامادەیی نیشان دابێت وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بداتە یەکێتی لە بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، چەند دەزگایەکی میدیایی لە سنووری سلێمانی بڵاویان کردەوە، گوایە پارتی پاکێجێکی پێشکەش بە یەکێتی کردووە و تێیدا ڕەزامەندیی نیشان داوە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم بداتە یەکێتی، بە مەرجێک یەکێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار ببێت.

لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو هەواڵ و زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

سەرکردەکەی پارتی دووپاتی کردەوە، هیچ پێشنیار و پاکێجێکی لەو شێوەیە بۆ یەکێتی نەخراوەتە ڕوو و پارتی رازی نەبووە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بدرێت بە یەكێتی. 



وشە - پۆڵا مەحموود