مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان جێگەی شانازییە، هاوکات سوپاسی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، پێشوازی لە ڕێککەوتنی حكوومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین و هیوادارین ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادیی زیاتر و سەقامگیری بۆ هەموو سووریا، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.
مەسروور بارزانی هیوای خواستووە ئەم ڕێککەوتنە ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکان و زەمینە خۆش بکات بۆ "گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و زێدی خۆیان".
سەرۆکی حكوومەت ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی داوە و دووپاتی کردووەتەوە "پشتیوانیی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بەتایبەتی ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان، جێگەی شانازییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسروور بارزانی ڕێز و پێزانینی دەربڕیوە بۆ ڕۆڵی سەرۆک و حكوومەت و کۆنگرێسی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست، لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی پێکهاتەکان و سەقامگیریی ناوچەکە.