هۆشداریی بە بریكارەكانی خۆراك دەدرێت

:: AM:11:33:31/01/2026 ‌
بەڕێوەبەی بازرگانی و كەلوپەلی خۆراكی هەولێر، هۆشداریی بە بریكارەكانی خۆراك دەدات و رای دەگەیەنێت، تا سێشەم پارەتان نەدابێت سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ شەموو 31ـی كانوونی دووەم، دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بازرگانیی  كەلوپەلی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دواین ئاگاداری ئەو بریكارانەی خۆراك دەكەینەوە كە تا ئێستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانیان نەكردووە بۆ پێشكەشكردنی پارەی لیستی  بریكاری خۆراك.

زیاتر گوتی، ئەو پارەیە بۆ سەبەتەی هەشتەمی ساڵی 2025 دەبێت، بۆیە تەنیا دوو ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دەدرێت كە ڕۆژانی یەكشەم و دووشەم كاتیان ماوە.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژی سێشەم هەر بریكارێك نەهاتبێت بۆ پارەدان، ناوی دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی و سزای پێبژاردنی بۆ هەژمار دەكرێت، بۆیە هیوادارین پابەندی ڕێنوێنییەكانمان بن و هیچ بریكار سزا نەدرێت .




وشە - رامیار جەواد