لە پیرمام، سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگى كۆبووە كە پێكهاتبوو لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، هادی عامری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی بەدر، موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەساس و عەباس ڕازی سكرتێری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگى.
لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقی فیدراڵ.
پێوەست بە بابەتی سەرۆك كۆمار، سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، دەبێت میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێنرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت، بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.
بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی سووریا و ناوچەكە بەگشتی و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتى، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، هۆشیار زێباری، مەحموود محەمەد و سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و فوئاد حوسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەی بوون.