وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایانی كەمتەرخەم.. ئیتر سوپاستان ناكەین

:: AM:09:00:03/02/2026 ‌
وەزارەتی پەروەردە لەمەودوا سوپاسی ئەو مامۆستایانە ناكات كە كەمتەرخەم بوون، ئەمەشی بە بڕیارێك بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەوەردەی ناردووە.

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی لەبارەی ئەو مامۆستا راهێنەرانە دەركرد كە كەمتەرخەمی دەكەن، لە بڕیارەكەدا هاتووە بەهۆی كەمتەرخەمییانەوە، لە سوپاس و پێزانینی وەزارەت بێبەش دەكرێن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەت كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی راهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی بە ژمارە 1631 لە رۆژی 18.1.2026 دەرچووە، ئاراستەی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، بەمەبەستی پێدانی رێز و سوپاس بۆ مامۆستایانی راهێنەر وەك لە رێبەری مامۆستای راهێنەر، مامۆستایانی راهێنەر رێز و سوپاسی وەزیری پەروەردە وەردەگرن، بەڵام ئەگەر هەر مامۆستایەكی راهێنەر كەمتەرخەم بوو لە جێبەجێكردنی رێنوێنی و ئەركەكانی لە پرۆسەی راهێنان، ئەوا بێبەش دەبێت لە پێدانی رێز و سوپاسی وەزارەت.

دەشڵێت، لە كاتی نەناردنی ناوی مامۆستای راهێنەر دەبێت روونكردنەوەی لەسەر بدرێت.



وشە - سۆران عەزیز