مەسروور بارزانی: به‌شێكین له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌

:: AM:10:05:03/02/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران لە دوبەیەوە ڕای گەیاند: ئێمە هەمیشە گوتوومانە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە چارەسەر، كە دەكرێت ئەو چارەسەرە سیاسی بێت یان دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری، یاخۆ دەكرێت پەرەپێدانی ئابووری بێت. 

هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە دەستی كردووە بە ڕیفۆرمی ئابووری كە ئەمەش كاریگەریی هەبووە لەسەر پێشخستنی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش دەكرێت یارمەتی و ڕێنوێنی لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرین.

باسی لەوەش كرد، هەموو ئەو لووتكانەی كە ئێمە بتوانین دەنگی گەلی خۆمان بگەیەنین بە دنیا، بۆ ئێمە گرنگە. هەروەك دەزانن ئێمە لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆمان هەیە. لەوانەیە نەتوانین لە هەموو سەكۆیەك بەشدار بین، بەڵام ئەو سەكۆیانەی كە رێگەپێدراون و دەتوانین دەنگی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان بگەیەنین، بێگومان هەمیشە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین و بەردەوام دەبین.

ئەمڕۆ سێشەممە، 03-02-2026، لە ژێر دروشمی "دیدگەی حكوومەتەكانی داهاتوو، لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان لە دوبەی دەستی پێ كرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 تێیدا زیاتر لە 60 سەرۆك دەوڵەت و حكوومەت، نوێنەرانی 150 حكوومەت، زیاتر لە 500 وەزیری وڵاتە بەشداربووەكان و ژمارەیەك لە گەورە بیرمەند و شارەزایانی جیهانی بەشدار دەبن. كۆی گشتیی بەشداربووان دەگاتە نزیكەی شەش هەزار و 250 كەسایەتی.

لە ساڵی 2013ـەوە لوتكەكە دەستی بەكارەكانی كرد، هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، ئەمەش بەهێزتركردنی پێگەی ئیماراتە وەك سەكۆیەكی نێودەوڵەتی بۆ هەماهەنگیی نێوان حكوومەتەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگە جیهانییەكان، بە تایبەت لە بوارەكانی نەهێشتنی بیرۆكراسی و پەرەپێدانی گۆڕانی دیجیتاڵیدا.




وشە - سۆران عەزیز