ئەمڕۆ 500 پارچە زەوی دابەش دەكرێن

:: AM:09:33:04/02/2026 ‌
لە سنووری ئیدارەی سۆران زیاتر لە 500 پارچە زەوی بە تیروپشك بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری شوبات، مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، قۆناغی یەكەمی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ڕواندز دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ زیاتر لە 500 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشكەوە بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەكرێت كە مەرجە یاساییەكان دەیانگرێتەوە.

دووپاتیشی كردەوە، ئەم پرۆسەیە تەواو شەفافە و بە ئامادەبوونی لایەنە پێوەندیدارەكان بەڕێوە دەچێت، تا دڵنیایی بدرێت لە گەیشتنی زەوییەكان بەو كەسانەی شایستەی وەرگرتنن.

لە 27ـی ئاداری 2024دا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕیار درا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەكە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد