زانیارییەكی وردی ناو ڕێككەوتنی یەكێتی و نەوەی نوێ گەیشتە "وشە"، بە گوێرەی رێككەوتنەكەیش بێت كە دوو خاڵە، نەوەی نوێ نەماوە و شاسوار تەنیا چەند كارێكی بازرگانی لە سنووری سلێمانی پێ دەدرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە، شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوەی سزاكەی لە گرتووخانە تەواو كرد، دواتر بەڕێككەوتنێكی ژێر بەژێر و بەبێ ئەوەی هیچ دادگاییەكی تر بكرێتەوە شاسوار ئازاد كرا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید بەو جۆرەبوو، لە بەرانبەر ئازادكردنی دەبێت بە داواكانی بافڵ تاڵەبانی رازی بێت.
رێككەوتنەكە چیی تێدایە؟
رێككەوتنەكە نووسراو نییە و تەنیا بە شاهیدی چەند كەسێكی نەوەی نوێ و یەكێتی قسەی لەسەر كراوە، بە تەواوی لەو دوو خاڵە پێكدێت.
-شاسوار عەبدولواحید لە گرتووخانە ئازاد دەكرێت بەبێ ئەوەی هیچ دۆسیەیەكەی تری لەسەر بكرێتەوە، دەبێت خزمەت بە سلێمانی / یەكێتی/ بكات لە كاری وەبەرهێنان و سیاسەتیشدا.
-سەرجەم كورسییەكانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان / 15 كورسییە/ دەدرێتە یەكێتی و بەو هۆیەوە كۆی كورسییەكان دەبنە 38 كورسیی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نەوەی نوێ هیچ پۆستێكی لە حكوومەتدا نابێت و تەنیا یەكێتی پڕیان دەكاتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، نەوەی نوێ بەشێكیان بەو ڕێككەوتنە رازی نەبوون، بەڵام شاسوار عەبدولواحید و سروەی خوشكی پێداگر بوون لە پێناو ئازادكردنیدا.
جێگر
دوای ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحید بە خێرایی جێگرێكی بۆ خۆی دیاری كرد كە رێبوار ئەورەحمان دەبێت، سەرچاوەكە دەڵێ، بۆ ئەوەیە كە ئەگەر هەڵەیەك لە دەرەوەی خواستی یەكێتی لەناو نەوەی نوێ رووی دا، لەسەر شاسوار نەشكێتەوە و جێگرەكەی تۆمەتبار بكرێت.
هەمان سەرچاوە گوتی، یەكێتی بەڵێنی ئەوەیان بە شاسوار داوە كە كۆمەڵێك كاری وەبەرهێنان لەو شارە بدرێت بە شاسوار، چونكە ئێستە تەواوی موڵكەكانی لەلایەن دادگاوە خرایە مەزادەوە.
بەو رێككەوتنە نەوەی نوێ بە تەواوی لە چوارچێوەی حزبێكی سیاسیی نامێنێت و سەرجەم پەرلەمانتارەكانی هەڕاجی یەكێتی كرد، بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێك لە حكوومەتی داهاتوو وەربگرن، پێدەچێ دەنگدەر و لایەنگری ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو تۆڵەیە بكەنەوە.