سەرۆك بارزانی: خەریك بوو كارەساتێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان روو بدات

:: AM:10:56:05/02/2026 ‌
سەرۆك بارزانی بەشداریی لە 11مین كۆنفرانسی میزۆپۆتامیا كرد و رای گەیاند، كوردیش دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت كەسی پسپۆڕی هەبێت، ئاماژەی بە دۆخی رۆئژاوای كوردستان كرد و رای گەیاند، خەریك بوو كارەساتێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان روو بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی شوبات، سەرۆك بارزانی لە 11مین كۆنگرەی میزپۆتامیا تایبەت بە پزیشكانی چوار پارچەی كوردستان رای گەیاند، دەمەوێت بڵێم، دڵ و دەرگای هەولێر هەموو كاتێك بۆ ئیوەی پزیشكان و ئەم جۆرە چالاكییانە كراوەیە. ژمارەیەكی زۆری پزیشكان لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە ئەمڕۆ لێرەن، ئەمە جێی ئومێد و شانازییە. ئەم جۆرە چالاكییانە زۆر بە قیمەتن. گۆڕینەوەی ئەو زانست و ئەزموونە، خزمەتێكی گەورە بە گەلەكەمان دەكات. 

سەرۆك رای گەیاند، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت بۆ تاكی كورد، تاكی كورد كەمتر نییە لە خەڵكی تر. پرۆفیسۆر و زانای زۆر گەورە هەڵكەوتوون و ئێمە شانازییان پێوە دەكەین. 

باسی لەوەش كرد، خەریك بوو كارەساتێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان روو بدات. ترسی گەورەی من ئەوەبوو ببێتە شەڕی كورد و عەرەب. بە درێژایی مێژوو، كورد دەستپێشخەری هیچ شەڕێكی نەكردووە، بەڵكو شەڕەكەی لە دژی زۆردار بووە، نەك لە دژی میلەت، ئەوەی پێمان كرا بۆ رۆژئاوای كوردستان كردمان و پێیەوە سەربەرزین. 

روونی كردەوە،  هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو لەگەڵ ساڵی 2014، ئەمجارە پێویستی بەوە بوو، ئاگرەكە بكوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا شەڕەكە نەبووە شەڕی كورد و عەرەب، شتی ناخۆش رووی داوە، بەڵام دەكرا شتی گەورەتر روو بدات. 

باسی لەوەش كرد،  سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو رێكخراو و كەسایەتی و میدیانە دەكەم كە كۆمەك و هاوكارییان بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان كۆ كردەوە. 

دەشڵێت، من ئومێدەوارم ئەو یەكێتییەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی بینیمان، ببێتە بنەمایەك بۆ هەموو رووداوێكی داهاتوو. ئێمە نابێت بیر لە شەڕ بكەینەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا زوڵمی زۆردارانیش قبووڵ ناكەین.  

روونی كردەوە، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لە یەكەم رۆژەوە ئێمە پشتیوانیمان لە پرۆسەكە كردووە، ئومێدەوارین بگاتە ئەنجامێك كە خێری هەموو لایەكی تێدا بێت.

لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق رای گەیاند، هەوڵی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەین. ئەوەی پێشمان بكرێت بۆ برادەرانمان لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئامادەین پێشكەشی بكەین. بۆ ئەوەی زوو لەم قەیرانە دەربچین، هەم لە هەرێمی كوردستان و هەم لە عێراق؛ بەڵام گرفت زۆرن. 

سەرۆك ئاماژەی بەوە دا كە دۆخی ناوچەكە ئاڵۆز بووە؛ هیوادارم وڵاتان بە دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن و شەڕ لە نێوان هیچ لایەكدا روو نەدات، چونكە شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.



وشە - رامیار جەواد