دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بۆ وردبینی گەیشتە هەولێر

:: PM:01:29:05/02/2026 ‌
دادگەی سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی گیراوانی لالەزار بۆ وردبینی رەوانەی هەولێر بكرێت، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێت، دۆسیەی 12 كەسیان گەیشتووەتە هەولێر. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی شوبات، بورهان رەشید گوڵە پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كرا، تا بڕیار بدرێت لە هەولێر دادگایی بكرێت یان لە سلێمانی.

زیاتر گوتی، دوای چەند جارێك دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتە دادگای تەمیز لە هەولێر.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، پارێزەرەكان تانەیان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی لاهوور و هاوڕێكانیشی داوە، بۆیە دۆسیەكە هێنراوەتە دادگەی تەمیز و جگە لە شێخ لاهوور و پۆڵادی برای، 10 كەسی تر لە هاوڕێكانی تێدایە.
 
پارێزەرەكەی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، بۆ گواستنەوەی دادوەر بڕیار دەدات كە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە، یان بۆ دادگایی دەبرێنە شارێكی تر.

لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو، پاش هێرشێكی گەورەی هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەر هۆتێل لالەزار كە تێیدا تانك و زرێپۆش و درۆن و كۆپتەر و تۆپی جۆراوجۆر بەشدارییان كرد، لاهوور جەنگی لەگەڵ پۆڵادی برای و سەتان كەس لە پاسەوان و سكرتێر و كارمەندانی هۆتێل لالەزار گیران.

لە ماوەی رابردوودا لاهوور جەنگی بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست و بەرەنگاربوونەوەی هێزە تەناهییەكان و چەند تۆمەتێكی تر، برایە بەردەم دادگا، بەڵام هەندێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كرد كە لاهوور جەنگی تۆمەتەكانی رەت كردووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد