نووسەرێکی دیاری شاری سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بەرگریکردنی یەکێتی لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، بەرگریکردنە لە میدیای هاوپەیمانەکەی نەک ئازادیی ڕادەربڕین، چونکە هێزەکانی یەکێتی پێنج مانگ بەر لە ئێستە کەناڵی "زووم"یان داخست و کەلوپەلەکانیان برد.
ئەمڕۆ پێنجشەم، پێنجی شوباتی 2026، عەزیز ڕەئووف نووسەر و ڕۆشنبیر، لەبارەی دۆخی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەنگۆی داخستنی؛ ڕای گەیاند، لە ساڵی 2018ـەوە ئێن ئاڕ تی میدیای ئەهلی نییە و زمانحاڵی پارتێکی سیاسییە، ئێستەیش بە تاکتیک لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون و ئەگەری فرۆشتنی یاخود بێدەنگکردنی هەیە.
عەزیز ڕەئووف دەڵێت، پێنج مانگ پێش ئێستە لە شاری سلێمانی، هێزەکانی یەکێتی بە بەرچاوی هەموو دنیاوە کەناڵی زوومیان داخست و شتومەکەکانیان شێواند و بردیان، بۆیە ئێستە بەرگریکردنیان لە ئێن ئاڕ تی، هیچ نییە جگە لە بەرگریکردن لە کوردسات و گەلی کوردستان.
نووسەرەکە باسی لەوەش کردووە، ئێن ئاڕ تی خۆی خاوەنی "لیستی ڕەش"ـە و لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا هەر کەسێک یەک ڕەخنەی لە بەرپرسی ئەو کەناڵە گرتبێت، ڕێگەی پێ نەدراوە لە شاشەکەیان دەربکەوێت.
لە کۆتاییدا عەزیز ڕەئووف دووپاتی کردووەتەوە، هەرچەندە لەگەڵ داخستنی هیچ میدیایەک نییە، بەڵام زۆر کەس و لایەن لەژێر پەردەی میدیای ئەهلیدا هاتن و بە ژێربەژێر لەگەڵ دەسەڵات ڕێککەوتن.