حەمەسەعید حەسەن داوا دەكات ئیخوانەكان لە كوردستان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە

:: PM:01:53:07/02/2026 ‌
 سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی داوا لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكات، گرووپە ئیخوانییەكان لە كوردستان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە و دەشڵێت: دەمێكە لە وڵاتانی عەرەبی لە لیستی تیرۆردان.

نووسەری دیاری كورد حەمەسەعید حەسەن كە هاوكات سەرۆكی ئەكادیمیای كوردیشە، داوا لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئیخوان لە هەرێمی كوردستان بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

حەمەسەعید حەسەن لە داوایەكیدا كە لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە و بەم شێوەیە دەست پێ دەكات، هێژا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كاك مەسروور بارزانی.. سڵاو.

"ئیخوان لە زێدی خۆی، لە میسر لە مێژە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ئەمەریكا و ئوردن و سعوودستان و وڵاتانی تری كەنداویش لە لیستی تیرۆردایە.

 تكایە كۆمەڵی ئیسلامیی عەلی باپیر كە كلكیشی لەگەڵ حزبی بەعسدا گرێ دابوو، كە دوێنێ قەڵا و سەنتەری هەولێری گڵاو كرد، بخەنە لیستی تیرۆرەوە. 

ئەم داوایەی حەمەسەعید حەسەن لە كاتێكدایە كە رۆژی هەینی شەشی شوبات، ئیخوانەكان لە هەولێر خۆپێشاندانیان كرد و پێیان وابوو لە خۆپێشاندانەكان بۆ رۆژئاوای كوردستان، سووكایەتی با ئاین و پیرۆزییەكان كراوە.




وشە - سۆران عەزیز