بڕیارە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان لە سلێمانی كۆدی تەناهییان پێ بدرێت، هەر كەسێكیش فۆرمی تۆماری نەبێت، ئۆتۆمبێلەكەی دەستی بەسەردا دەگیرێت، پرۆسەكەش سەرەتا لە كارمەندانی هێزە تەناهییەكانەوە دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان لە پارێزگای سلێمانی كۆدی تەناهییان پێ بدرێت و هەر كەسێكیش فۆرمی تۆماری نەبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
پرۆسەكە سەرەتا لە كارمەندی هێزە تەناهییەكانەوە دەست پێ دەكات و دواتریش هاووڵاتییانی تر دەگرێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی 75 هەزار دینار وەردەگیرێت و كۆدێك دەدرێت بە خاوەنەكەی، بۆ ئەوەی بیكات بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لەگەڵ تابلۆیەكی سوور كە لە ئاسایشی سلێمانی دروست دەكرێت و كۆپی ناكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە هێشتا رێنوێنیی دەرنەكراوە كە ئایا ئەم بڕیارە چ ئۆتۆمبێلێك دەگرێتەوە و كۆدەكەیان پێ دەدرێت، بەڵام زۆرترینی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان لە جۆرەكانی شاهینە و مەلیكەیە، بەشێك لەم ئۆتۆمبێلانە بڕاوەن، زۆرینەشیان سەقفیان بڕاوەتەوە و "مووس”ن.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەو ئۆتۆمبێلانە بەشێوەیەكی نایاسایی هێنراونەتە سلێمانی، چەندان جاریش هەوڵ دراوە تابلۆ بكرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەلامەتی و هیچ مەرجێكی یاسایی نەكراوە، لە هەمان كاتدا خەڵكی سلێمانی بە تەواوەتی بەهۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە بێزار بوونە كە بەرپرسانی یەكێتی بە قاچاخ هاوردەیان كردوون، بەپێدانی ئەو كۆدەش تەنیا بۆیان هەیە لە سلێمانی بسووڕێنەوە.