وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە كە ئەو نووسراوەی بڵاو كراوەتەوە كە گوایە دواخستنی "هەزەی ئۆتۆمبێل" سزای دارایی لەسەرە، كاری پێ ناكرێ.
كەمێك لەمەوبەر، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بڵاوی كردەوە كە ئەو نووسراوەی OPVI گەڕێنرایەوە و كاری پێناكرێت.
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە بۆ سەلامەتی خۆمان پێویست وایە ساڵانە و بەردەوام پشكنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەكان بكەین.
ئەمڕۆ كۆمپانیای OPVI بڵاوی كردووەتەوە، رێنوێنیی نوێ بۆ پشكنینی ئۆتۆمبێلی ساڵانە دانراون و بەپێی رێنوێنییە نوێیانە، كرێی پشكنینی ساڵانە و سزای دواكەوتن بەگوێرەی كۆتا پشكنین كە بۆ ئۆتۆمبێلەكە ئەنجام درابێت دیاری دەكرێت.
لە رێنوێنییە نوێیەكاندا هاتبوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە كاتی یاسایی خۆیاندا سەردان دەكەن، كرێی پشكنینیان وەك خۆی دەمێنێتەوە و هیچ بڕە پارەیەكی زیادەیان لێ وەرناگیرێت، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەك ساڵ دوا كەوتوون، جگە لە كرێی پشكنینی ئاسایی، بڕی 50%ی كرێی ساڵێكی پشكنین وەك سزا دەخرێتە سەر پارەكەیان.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و زیاتر پشكنینیان نەكردووە، سزاكەیان قورستر دەبێت، چونكە كرێی پشكنینی ساڵی ئاسایی 50%ی كرێی پشكنین بۆ ساڵی یەكەمی دواكەوتن، 100%ـی كرێی پشكنین بۆ ساڵی دووەم و هەر ساڵێكی تری دواكەوتوو (واتە بۆ هەر ساڵێكی تری دواكەوتوو كرێی پشكنینەكە دوو هێندە دەبێت).