بە ڤیدیۆ... سێ تاوەری 100 مەتری گەیشتنە كوردستان "لە عێراقدا وێنەیان نییە"

:: PM:09:21:08/02/2026 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سێ تاوەری پێشکەوتووی ئاگرکوژاندنەوە و ڕزگارکردنیان لە ئیتاڵیاوە کڕیوە کە بەرزییەکەیان دەگاتە 100 مەتر و لە عێراقدا بێ وێنەن.

ئەمڕۆ یەکشەم هەشتی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ گەشەکردنی کوردستان و زیادبوونی باڵەخانەی بەرز، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەت و لەسەر داهاتی وەزارەت، سێ تاوەری مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابین کراون.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای گەیشتنی تاوەرەکان، ئێستە لە پەیمانگای بەرگریی شارستانی، کارمەندانی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکە خەریکی ڕاهێنانن لەسەریان.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردووەتەوە لەمەودوا دەستی کارمەندانی بەرگریی شارستانی دەگاتە بەرزترین خاڵی هەموو باڵەخانەیەک و دەتوانن بە نوێترین تەکنۆلۆجیا ژیانی هاونیشتمانییان ڕزگار بکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم تاوەرانە لە عێراقدا هاوشێوەیان نییە و تەنیا لە هەرێمی کوردستان خراونەتە خزمەت. هەروەها مژدەی ئەوەی داوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، درۆنیش لە پڕۆسەکانی ئاگرکوژاندنەوەدا دەبینرێت.




وشە - پۆڵا مەحموود