وەزارەتی کارەبا: نرخی کارەبا زیاد نەبووە پارەی زۆری ئەم مانگە هۆکارەکەی سەرمایە

:: PM:10:24:08/02/2026 ‌
وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوە لەبارەی بەرزبوونەوەی کرێی کارەبای مانگی یەک دەدات و ڕای دەگەیەنێت، نرخ دەستکاری نەکراوە، بەڵکو بەهۆی سەرماوە بەکارهێنان زیاد بووە.

ئەمڕۆ یەکشەم هەشتی شوباتی 2026، وەزارەتی کارەبا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاگاداری هاوبەشانی کردەوە، نرخی کارەبا "هەمان نرخە کە بە ڕێی یاسایی پەسەند کراوە و لە وەقائیعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە" و بۆ یەک مانگ هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بەوەی بۆچی کرێی کارەبای مانگی یەک بۆ زۆرێک لە هاوبەشان بەرز بووەتەوە، وەزارەتەکە هۆکارەکەی بۆ "شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما" گەڕاندووەتەوە، کە وای کردووە هاووڵاتییان بڕی کارەبای زیاتر بەکار بهێنن، بۆیە کرێکەیان زیاتر بۆ هاتۆتەوە.

وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردووەتەوە، سیستمی پارەدانی ئۆنلاین هەنگاوێکی شەفاف و ئاسانکارییە بۆ ئەوەی بەبێ سەردانیکردن کرێی کارەبا بدەن.

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر هەر گرفتێک بۆ هاوبەشان دروست بووبێت، دەتوانن سەردانی فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا بکەن و تیمی تایبەت چارەسەری دەکەن.



وشە - پۆڵا مەحموود