حكوومەتی كاتیی سووریا بەڵێنی لابردنی گەمارۆی سەر كۆبانێ دەدات

:: AM:10:36:09/02/2026 ‌
21 رۆژە گەمارۆی سەر كۆبانێ بەردەوامە و بەگوتەی بەرپرسێكی خۆسەر، حكوومەتی كاتیی سووریا بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆكەی داوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە.

مستەفا شێخ موسلیم لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رای گەیاند، حكوومەتی سووریا لە دوا كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، بەڵێنی كارئاسانییان داوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا، ئاو، دەرمان و شیر، لەگەڵ رێگەدان بە گەیشتنی گازوایل (مازۆت) بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان.

رۆژی شەموو شاندێكی ئاسایش لە حەلەب لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی سووریا كۆ بووەتەوە، لایەنی حكوومەت بەڵێنی داوە گەمارۆی سەر ناوچەكە هەڵبگرێت و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان دابین بكات، بەڵام هێشتا گەمارۆكە بەردەوامە.

بەگوتەی بەرپرسەكەی خۆسەر، گفتوگۆكەیان لەگەڵ حكوومەتی كاتیی سووریا لە "كەشێكی ئەرێنی"دا بەڕێوە چووە، تەوەری سەرەكی بریتی بووە لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر كۆبانێ و گوندەوارەكانی.

دەڵێت باسمان لەوە كرد، بەزووترین كات رێگەكان بكەنەوە و كۆتایی بەو گەمارۆ توندە بهێنن كە لەسەر كۆبانێ سەپێنراوە.

لەم 21 رۆژەدا چەندان جار بەرپرسانی حكوومەتی كاتیی سووریا بەڵێنیان داوە گەمارۆی سەر كۆبانێ هەڵگرن، بەڵام تا ئێستە بەڵێنەكانیان نەبردووەتە سەر، قەیرانە مرۆییەكە بەردەوامە.

بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتیشی: "ئێستە لە كۆبانێ كارەبا و ئاوی خواردنەوە زۆر كەمە. ئینتەرنێتی سووریا ساڵێكە بڕاوە و تەنیا پشت بە ئینتەرنێتی كۆمپانیای ئارسێل یان ئینتەرنێتی توركیا دەبەسترێت، ئەوانیش هەمیشە بەردەست نین".

لەبارەی دۆخی تەناهیی ناوچەكە دەڵێت: هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە ناوچە گوندەوارەكانی وەك قەنایە و شێخلەر جێگیر بوون، بەڵام دۆسیەی تەناهیی ناوەندی كۆبانێ لە دەست هێزەكانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە.



وشە - سۆران عەزیز