یەكێك لە بانكە بەشدارەكانی پڕۆژەی هەژماری من، بڕیاری دا قەرزی درێژخایەن لە شێوەی "كریدت كارت" بە مووچەخۆرانی حكوومەت دەدات و دواتر مانگانە 25%ی پارەكە لە مووچەی فەرمانبەر دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم نۆی شوبات، بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، بانكی جیهان كە یەكێكە لە بانكە متمانەپێكراوەكانی هەژماری من، خزمەتگوزارییەكی نوێی دەست پێ كرد كە قەرزی پێنج مووچە دەخاتە سەر كارتێكی تر و دەیدات بەو فەرمانبەرانەی كە ئارەزووی دەكەن و لە چوارچێوەی بانكەكەدا كارتی هەژماری منیان هەیە.
هەر لەو زانیارییانەدا كە تایبەتە بە "وشە" ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، "ئەو فەرمانبەرانەی كارتی بانكییان لە هەژماری مندا لە بانكی جیهان دەركردووە، بانكەكە قەرزێكی پێنج مووچەییان پێ دەدات و لە بەرانبەردا ساڵانە یەك جار 10%ی مووچەی مانگێكی فەرمانبەرەكە دەچێت بۆ كرێی ئەو خزمەتگوزارییەی كە بانكەكە بۆ فەرمانبەری دەستەبەر دەكات.
كارتەكە بەگوێرەی مووچەكەت بڕی قەرزەكەی تێدا دەبێت، واتە ئەگەر مووچەی مانگانەت 500 هەزار دینار بێت، 2,500,000ی تێدایە و ئەگەر مووچەكەت یەك ملیۆن دینار بێت، بڕی 5,000,000 دینار قەرز وەردەگری، لە بەرنبەردا بانك ساڵی جارێك لە نموونەی مووچەی 500 هەزارییەكەدا، تەنیا 100 هەزار لە بری ئەو قەرزە وەك حەقی بانكەكە و خزمەتگوزارییەكەی لە فەرمانبەر وەردەگرێ.
فەرمانبەرێكی بانكی جیهان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، بە"وشە"ی ڕاگەیاند "ئەو فەرزە بۆ مامەڵە و كڕین و فرۆشتن بەكار دێت و ناتوانی پارەكە بە كاش ڕابكێشی، بەڵام وەك یەدەگێك وایە كە هەمیشە لە گیرفانتدایە و لە سەرانسەری جیهانیش كار دەكات".
بانكی جیهان خزمەتگوزاری "ماستەر كارت" پێشكەشی بەشدارانی دەكات و لەمەودوا بەو كریدت كارتەی بە قەرز پارەی تێدەكات، ئاستی خزمەتگوزارییەكانی بەرزتر دەكاتەوە و یەكێكە لە بانكە متمانە پێكراوەكان و تا ئێستە سزای نێودەوڵەتی نەخراوەتە سەر.
فەرمانبەرەكە زیاتر گوتی، "هەر كەس كە لە چوارچێوەی بانكی جیهاندا كارتی هەژماری منی هەیە، ئازادە لەوەی سوود لەو خزمەتگوزارییە وەردەگرێ یان نا".