دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ، تۆمەتبارێكی سەرەكی دۆسیەی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی گیرا و بڕیارە مانگی داهاتوو رەوانەی دادگا بكرێت.
ئەم تۆمەتبارە مانگی رابردوو گیراوە، لە ساڵی 2021 دا بەشێوەی "ئامادەنەبوو – غیابی" بەحەوت ساڵ زیندانی حوكم دراوە و بڕیارە مانگی داهاتوو دادگایی بكرێت.
بەپێی هەواڵێكی سایتی ئاوێنە، رۆڵی ئەم تۆمەتبارە بریتیبووە لەوەی "مقەدەم"ێك كە لای كاربەدەستێكی ئەوكات كاری كردووە، فەرمانی پێكردووە بچێت لەگەڵ دوو تۆمەتباری تردا، هێرش بكەنە سەر ئاسۆس هەردی و پاشان لەشوێنی رووداوەكە هەڵاتوون.
پێشتر دادگای تاوانەكانی سلێمانی3، لەڕێگەی نوسراوەوە داوای لە فەرماندەیی یەكەی 70 و پۆلیسی سلێمانی كردووە ئەم تۆمەتبارە سەرەكییەی دۆسیەی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی كە ئێستە زیاتر لە 14 دانیشتن ئەنجامدراوە و لە 29ی تشرینی یەكەمی 2017وە ئامادە نەبووە و لە 16ی كانونی دووەمی 2019 فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بهێنرێنە بەردەم دادگا، بەپێی ماددەی 406 سزادانی عێراقی سەبارەت بەهەوڵی كوشتن حوكمی زیندانیكردنی دراوە.
ئاسۆس هەردی ئێوارەی 29ی ئابی 2011، لەنزیك لە نووسینگەی سەرەكی ئەوكاتەی رۆژنامەی ئاوێنە لە شەقامی سالم لە سلێمانی، لەلایەن سێ كەسەوە بەكلكە دەمانچە پەلامار دراو سەری بریندار كرا.
ئەوكاتە ئاوێنە بڵاوی كردەوە كە ئەو سێ كەسەی پەلاماریان دا پێشمەرگە و پلەداری سەر بەهێزەكانی یەكەی 70 بوون، یەكەم بەرواری دادگایكردنی تۆمەتبارەكان لەساڵی 2017دا ئەنجامدراو ماوەی نۆ ساڵە بەردەوامە.
"وشە" پێوەندی بە ئاسۆس هەردییەوە كرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی ئێستە لە لێكۆڵینەوەدان، هیچ لێدوانێكی لەوبارەیەوە نەدا.