لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی هاوئاهەنگی و گۆڕینەوەی شارەزایی دوولایەنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات، شاندێكی وەزارەتی تەندروستی لەو وڵاتەن.
ئەمڕۆ سێشەم، 10ی شوباتی 2026، لە ئیمارات هەریەكە لە د. ئەحمەد بن عەلی وەزیری تەندروستیی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو و د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دیدارێكدا پێوەندی هەردوولا لەژێر چەتری ڕێكکەوتنامەی هەردوو حكوومەت و پتەوكردن و هاوئاهەنگی لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیمارات و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی بواری پزیشكی و تەندروستی و چەندان پڕۆژە و بەرنامە و پڕۆگرامی ستراتیجی بە وردی گفتوگۆ كرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، وەزیری تەندروستیی ئیمارات ئامادەیی زیاتری پێوەندی و هاوئاهەنگی داودەزگا تەندروستییەكانی ئیماراتی دەربڕی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە بوار و پسپۆڕییە جیاوەزەكان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پێشخستنی سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزاریی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشكی و لایەنی پاڵپشتی و دەزگاکانی خێرخوازی و شارەزایی بواری تەكنەلۆجیای نوێ و سیستمەكانی بەڕێوەبردن و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری سێكتەری تەندروستی لە هەرێمی كوردستان.
هاوكات وەزیری تەندروستیی حكوومەتی كوردستان، ستایشی بەردەوام هاتنی تیمەكانی پزیشكی و داودەزگاكانی خێرخوازیی ئیماراتی كرد كە پاڵپشتی و هاوكاری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دروستكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی دەزگاكانی تەندروستی لە ڕابردوو و ئێستەدا.