وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بەغدا بڕە پارەی مووچەی كەمتر لەوە ناردووە كە پێویستە.
وەزارەتەكە دەڵێ، ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) 931 و ملیار و 257 ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی كوردستان پێڕەوی دەكات و ئەو كێشە و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان دروستی دەكات، بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و864 هەزار دیناری لەكۆی تەمویلی مووچە نەناردووە كە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی كە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین كراون و دوای پەسەندكردن و تەواوكردنی دۆسیەكانیان لە مانگی كانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە كراونەتەوە واتە ئەو خانەنشینانەی كە لەمانگی یەك داخڵی لیستی مووچە كرابوونەوە و پێویست بوو چەند مووچەیەك پێكەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنیا یەك مووچەیان بۆ هاتووە كە مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەكانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پێوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو خەرجكردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیكترین كاتدا.