چاودێریی لەسەر بازاڕ و دوكانەكان زیاتر دەكرێت

:: PM:02:11:11/02/2026 ‌
بۆ ئەوەی نرخەكان گران نەكەن، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رەمەزاندا، زیاتر چاودێریی بازاڕەكان دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی شوبات، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ ئەوەی نرخ بەرز نەكرێتەوە، ساڵانە لە بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان لیژنەكانمان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان، فراوانتر و دەستكراوەتر دەكەن بۆ ئەوەی چاودێریی دوكان و بازاڕ و ماركێتەكان بكەن.

زیاتر گوتی، ئامانجام لە چاودێریكردن زیاتر بۆ ئەوەیە، دڵنیایی بدرێت بە هاووڵاتییان كە نرخەكان گران نابن و كاڵاكانیش بە كوالێتییەكی باش و تەندروست دەگاتە دەستیان.

باسی لەوەش كرد، لیژنەكانمان لە سێ كاتی جیاواز چاودێریی بازاڕ دەكەن، بەیانیان و دوای نیوەڕۆیان و پارشێوانیش.

روونی كردەوە، هەر شوێنێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت، ئەو سزایەی بۆ سەرپێچیكاران دانراوە، لە 50 هەزارەوە دەست پێ دەكات تا پێنج ملیۆن دینار، سزای دووەم داخستنی شوێنەكە لە سێ ڕۆژ تا 10 ڕۆژ دەبێت، سزای سێیەمیش پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ دەكرێتەوە و دەدرێتە دادگا.



وشە - رامیار جەواد