لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خاتوو فیكتۆریا تەیلەر جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێكۆلینەوەی ئاتلانتیك كاوسل (Atlantic Council) كرد.
لەدیدارەكەدا بارودۆخی هەنوكەیی ناوچەكە بە گشتی و پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پێوندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە كرا.
لەو دیدارەدا دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و پێشهاتەكان خرانە بەر باس، خاتوو فیكتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی سەرۆك بارزانی دا لە هەوڵەكانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەكانی سوریای دیموكرات و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند.
سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند كە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەكانی سووریای دیموكرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی نێو ڕێككەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەك بە ئێمە كرابێت لە ڕووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەركەوتوان ئەنجاممان داوە.