سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆ بووەوە و دووپاتیان لە پتەوکردنی پێوەندییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لبنان کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ لبنان و دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و تەناهیی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا دووپاتییان لە پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا دەگەیەنن.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا، هەروەها بیروڕایان دەربارەی لێکەوتەکانی ئاڵۆزییەکان لەسەر دۆخی مرۆیی و ئابووریی ناوچەکە گۆڕییەوە.