هەر لە سەرەتای پەلامارەكانی هێزە چەكدارەكانی سەربە حكوومەتی سووریا بۆ سەر هێزە كوردییەكە و رۆژئاوای كوردستان، پارتی و سەرۆك بارزانی هەرچی توانای مادی و مەعنەوییان هەبوو خستیانە كار تا ئەو پارچەیەی كوردستان بپارێزن، ئەنجامەكەشی هەروا كەوتەوە ناوچەكە لە پلانگێڕییەكی گەورە پارێزرا.
لەمبارەیەوە كادری دێرینی شۆڕشی ئەیلوول شەوكەت مەلا ئیسماعیل رای گەیاند، پارتی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە كارێكی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كردووە مەگەر دەوڵەت بۆ دەوڵەتێكی تری كردبێت.
شەوكەت مەلا ئیسماعیل كە بێتەلی تایبەتی بارزانیی نەمر بوو دەڵێت: كابرایەكی دێهاتی دەچێتە لای ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی و داوا دەكات ببێتە پێشمەرگە، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی لە كابرای دێهاتی دەپرسێت لە خۆمانی، واتا ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "قوربان چەكێكم بدەرێ ملی 100 ئەندام دەشكێنم" كاتێك بارزانیی نەمر بە باسەكە دەزانێت، نیگەران دەبێت و دەڵێت: كوردی پاك هەموو لە خۆمانن.
كادرە دیارەكەی پارتی دەبێژێت: لەسەر بنەمای "هەموو كوردێكی پاك لە خۆمانن"، پارتی لە سەرەتای هەڕەشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان هاتە سەر هێڵ و بە مادی و مەعنەوی و پێوەندییەكانی، كارێكی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كرد، مەگەر دەوڵەت بتوانێ لەو ئاستە بەرزە بۆ دەوڵەتێكی تری بكات، ئەمەش هیچ منەتی تێدا نییە، چونكە بارزانی و پارتی بۆ ئەمە هەن و دروست بوون.
كارەكەی سەرۆك بارزانی و پارتی ئەوەندە گەورە بوو، بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لە ناویاندا ئیلهام ئەحمەد لە كۆنفرانسەكەی میونشن بەفەرمی گوتی، ستایشی هەوڵەكانی سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكەین بۆ پشتیوانیكردنیان لە رۆژئاوای كوردستان.
ئەوەشی گوت، پێگەی فەرمی و ددانپێدانراوی هەرێمی كوردستان، رۆڵێكی سەرەكی و گرنگی هەبووە لەوەی دەنگی ئەوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگات و پێوەندییەكانیان فراوانتر بێت.