توێژینەوەیەكی زانكۆی سەڵاحەدین بازرگانییەكی نایاسایی لە توركیا هەڵوەشاندەوە

:: AM:10:10:16/02/2026 ‌
زانكۆی سەڵاحەدین توێژینەوەیەكی كردووە لەسەر گرنگیی كرمی زەروو، لە توركیاش لە فڕۆكەخانەیەك دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر لەو كرمە گیرا كە بۆ بازرگانی دەبران، وەك سەرچاوەش بۆ گرنگی ئەو كرمە، پشت بە توێژینەوەكەی زانكۆی سەڵاحەدین بەستراوە.

كەناڵی جەزیرە نێت توێژینەوەكانی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانكۆی سەڵاحەدین وەك سەرچاوەی باوەڕپێكراوی جیهانی بەكار دەهێنێت، راپۆرتێك ئامادە دەكات لەسەر بازرگانی بە كرمی زەروو.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بازرگانیكردنی نایاسایی بە كرمی زەروو و دەستبەسەرگرتنی ژمارەیەكی زۆری لە فڕۆكەخانەیەكی توركیا، جەزیرە نێت وەك سەرچاوەی باوەڕپێكراوی جیهانی كاری بە توێژینەوەكانی زانكۆی سەڵاحەدین كرد.

 لە میانەی بەدواداچوونی كەناڵی جەزیرە نێت و پشتبەستن بە توێژینەوەكانی سەنتەری توێژینەوە، داوای زانیاریی زانستی لەسەر ئەم كرمانە كرا و داتاكان بە ناوی زانكۆی سەڵاحەدین تۆمار كرا.

كرمی زەروو یان زاروو یان زالوو (بە ئینگلیزی: leech)، بە یەكێك لە جۆرەكانی كرمەكان هەژمار دەكرێت كە پێوەندیی بەهێزی هەیە لەگەڵ كرمی زەوی، نزیكەی زیاتر لە 650 جۆری هەیە كە لە ڕووی قەبارە و نشینگە و شێوازی خۆراكیانەوە جیاوازن، لە نشینگەی جیاوازدا دەژین، وەك گۆم و زەلكاو و ڕووبارەكان، هەندێكی تریان نووساون بە درەختەكان لە ناو دارستانەكاندا، بەڵام بەهۆی پیسبوونی ئاو و بڵاوبوونەوەی گاز و لە ئەنجامدا لەدەستدانی نشینگەكانیان، ئێستە ژمارەیان كەم بووەتەوە بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە لە بواری پزیشكیدا بەكار دەهێنرێن.

سەرەڕای ئەوەی زەرووەكان پێست دەبڕن و خوێن دەمژن، بەڵام تەواوی ئەم پرۆسەیە بێ زیانە، چونكە زەروو مادەیەكی بێهۆشكەر دەردەدات كە دەبێتە هۆی سڕبوونی جێگەكە، بەهۆیەوە خوێنەكە دەردەكات بەبێ هیچ ئاستەنگێك، هەروەها كرمە زەرووەكان هەردوو مادەی بێهۆشكەر و مەیاندن دەردەدەن، كە لە بواری پزیشكیدا بەكار دێت بۆ بێهۆشكردن و بەكار دێت بۆ ڕشتن و لابردنی خوێن، ئەم ڕێگەیە زۆر دێرینە كە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی هەزار ساڵ پێش زاین، وەك چارەسەری هەموو نەخۆشییەك بەكاریان هێناوە وەك مایەسیری و سەرئێشە و خەمۆكی، هەتا ئێستەش وەك چارەسەر بەكار دێت و بە ئامێرێكی پزیشكی ناو دەبرێت، هەروەها هەندێك لە خەڵكی وەك گیانەوەرێكی ماڵی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و ڕێگەی پێ دەدەن كە خوێنیان بمژێت.

جەستەی زەرووەكان لە 34 پارچە پێكهاتووە، ڕەنگی جیاوازی هەیە و دەكرێ قاوەیی یان ڕەش بێت، زۆرینەی جۆرەكانیان سێ شەویلگەیان هەیە كە هەموویان پڕن لە ددانی بچووك و تیژ و توانای بڕینی پێستی ئەستووریان هەیە تەنانەت پێستی ئەسپی دەریاش، قەبارەكەی بەگوێرەی جۆرەكەی جیاوازە، بۆ نموونە درێژی هەندێكیان دەگاتە نزیكەی 40 سانتیمەتر، بەڵام زۆرینەیان لە نێوان حەوت بۆ شەش سانتیمەتر دەبن.


وشە - رامیار جەواد