بەهۆی زۆریی سزادانی شوفێران و جیاوازیكردن لەگەڵیان، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە شوفێرانی بارهەڵگر لە رێگەی كەركووك- حەویجە خۆپێشاندان دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی شوبات، عزەدین عەلی یەكێكە لەو شوفێرانە، بە "وشە"ـی راگەیاند، شۆفێرانی بارهەڵگری سەر رێگەی كەركووك– حەویجە گرد بووینەوە و تەنیا قەپانێكمان بۆ دانراوە، ئەوەیش بە ئارەزووی خۆی پارەمان لێ وەردەگرێت.
زیاتر گوتی، لە كەركووك تەنیا ئەم قەپانە ئیش دەكات و هەر كاروانێكیش پێنج هەزار دینارمان لێ دەستێنێت، هەشە 15 هەزار دینار ئەوە بەپێی ویستی ئەو كەسەیە كە لەوێیە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بە پێنج رۆژ 250 لیتر گازیان دەدەنێ، لە كاتێكدا لە خورماتوو و شوێنەكانی تر، هەر سێ رۆژ جارێك 300 لیتر دەدەن بە شۆفێرانی بارهەڵگر.
روونی كردەوە كە چەندان شوفێر لەم مانگەدا 300 بۆ 500 هەزار دینار غەرامە كراون، ئەوەش ناكات پارەی قازانجی مانگێك.