سەرۆكی حكوومەت پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی پەرلەمانتارانی شانشینی یەكگرتوو تایبەت بە ئازادی ئاینی دەكات

:: PM:01:19:16/02/2026 ‌
سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانتارانی شانشینی یەكگرتوو تایبەت بە ئازادی ئاینی، گفتوگۆی لەبارەی بەهێزكردن و پەرەپێدانی زیاتری كولتووری بەیەكەوەژیان و پاراستنی مافی گشت پێكهاتەكان، برەودان بە بنەماكانی ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی ئاینی و تەبایی نێوان گشت پێكهاتەكانی كوردستانی كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی شوبات، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی پەرلەمانتارانی شانشینی یەكگرتوو (APPG) تایبەت بە داكۆكیكردن لە ئازادیی ئاینی بە سەرۆكایەتیی جیم شانۆن ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی گرووپەكە كرد.

لە دیدارەكەدا شاندەكە كورتەیەكیان لەبارەی گرووپەكەیان و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو. شاندەكە بە پێزانینێكی زۆرەوە، دۆخی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكان و ئازادیی ئاینییان لە هەرێمی كوردستان نرخاند.

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە، هەرێمی كورستان بەردەوام دەبێت لە بەهێزكردن و پەرەپێدانی زیاتری كولتووری بەیەكەوەژیان و پاراستنی مافی گشت پێكهاتەكان، برەودان بە بنەماكانی ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی ئاینی و تەبایی نێوان گشت پێكهاتەكانی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد