سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، پڕۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە هەرێمی كوردستان) ڕاگەیاند و ئاراستەی حزبە سیاسییەكانی كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی شوبات، محەمەد حاجی مەحموود پڕۆژەیەكی نوێی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد و تێدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئامانجی سەرەكی پڕۆژەكە پاراستنی دەستكەوتە دەستوورییەكان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لەبەردەم گۆڕانكارییە خێرا و ئاڵۆزەكانی ناوچەكەدا.
سەرۆكی پارتی سۆسیالیست پێی وایە نەبوونی ناوەندێكی یەكگرتوو بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتمانییەكان، بووەتە هۆی پەرتەوازەیی لە گوتار و لاوازبوونی پێگەی دانوستانكاری كوردی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش.
لە ڕووی ستراتیجییەوە پڕۆژەكە دووپات لەوە دەكاتەوە كە هێزی هەر قەوارەیەكی سیاسی، تەنیا لە توانای سەربازی یان ئابووریدا نییە، بەڵكو لە جۆرییەتی بڕیارداندایە.
ئەم ئەنجوومەنەی كە محەمەد حاجی مەحموود پێشنیازی كردووە، هەوڵ دەدات كۆتایی بە سیاسەتی "كاردانەوە” بهێنێت و بەرەو داڕشتنی پلانێكی ستراتیجی پێشوەختە هەنگاو بنێت، تا هەرێمی كوردستان لەبری چاوەڕوانیكردنی وڵاتانی ناوچەكە، خۆی خاوەنی نەخشەڕێگە و سیناریۆی ئامادەكراو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكان.
پێكهاتەی كارگێڕی ئەنجوومەنەكە لەسەر بنەمای زانستی و پسپۆڕی داڕێژراوە و لە دوو بازنەی سەرەكی پێكدێت؛ بازنەی یەكەم تایبەتە بە داڕێژەرانی بڕیار كە كۆمەڵێك پسپۆڕی یاسایی، دەستووری، سیاسی و سەربازی لە خۆ دەگرێت. بازنەی دووەمیش بریتییە لە "ئەنجوومەنی بڕیاردان” كە لە ڕێبەرانی حزبە سیاسییەكان پێكدێت و ئەركیان پەسندكردن یان پێداچوونەوەی ئەو پڕۆژە و بڕیارانەیە كە لەلایەن پسپۆڕەكانەوە ئامادە دەكرێن.
پڕۆژەكەی سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، ئەركی سەرەكی ئەم ئەنجوومەنە لە چەند خاڵێكدا چڕ دەكاتەوە، لەوانە: دیاریكردنی هێڵە سوورەكان لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، یەكخستنی هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتمانی، خوێندنەوەی ستراتیجی بۆ بارودۆخە جیاوازەكان. بڕیارەكانی ئەم ئەنجوومەنە بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسند دەكرێن و دەبنە بڕیاری گشتگیر كە هیچ لایەنێك ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانەی زیاتری نێودەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان.