ڕێگەی (كۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بە گوژمەی 90 ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێكردندایە

:: PM:02:17:16/02/2026 ‌
لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆ بە كەرتی ڕێگەوبان و ئاوەدانكردنەوە، كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (كۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بەردەوامە.

پڕۆژەكە بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی ناوچەكە دادەنرێت و بە دەستی كاری ناوخۆیی و بە كوالێتییەكی بەرز جێبەجێ دەكرێت، ئەم ڕێگەیە درێژییەكەی 10 كیلۆمەترە و بە شێوازی دووساید (چوون و هاتن) دروست دەكرێت. بۆ ئاسانكاریی زیاتری هاتوچۆی شۆفێران و كەمكردنەوەی جەنجاڵی، سێ یەكتربڕی مۆدێرن لەسەر ڕێگەكە بنیات نراون.

بەشێكی سەرەكیی پڕۆژەكە پێكدێت لە هەردوو تونێلی (میراوە و ماوەران)، كە كاركردن تێیاندا بەردەوامە و بە شێوازێكی سەردەمییانە و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان تەواو دەكرێن. ئێستە كارەكانی یەكێك لە سایدەكانی ڕێگەكە بە تەواوی كۆتایی هاتووە و كاركردن لە سایدی دووەمدا بە چڕی بەردەوامە.

گوژمەی تەرخانكراو بۆ ئەم پڕۆژەیە 90 ملیار دینارە. بەهۆی خێرایی لە بەڕێوەچوونی كارەكان و پابەندبوون بە پلانەكانەوە، چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژەكە پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و گەشتیارانی ناوچەكە.

جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە بە توانای ناوخۆیی، ئاماژەی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە هێزی كار و كۆمپانیاكانی ناوخۆ لە پڕۆژە ستراتیجییەكاندا.




وشە - رامیار جەواد