سیستمی كوردستان لە ئەسیكۆدا باشترە

:: PM:02:43:16/02/2026 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەو سیستمی باجەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە ئەسیكۆدا پێشكەوتووترە، هیچ سیستمێكیش جێبەجێ ناكەین ئەگەر بەزۆر بەسەرماندا بسەپێنرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی شوبات، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە لە هەرێمی كوردستان سیستمی باج و گومرگی تایبەت بە خۆمان هەیە، دەتوانم بڵێم سیستمەكەی ئێمە لە سیستمی ئەسیكۆدا پێشكەوتووترە، چونكە سەرجەم ئەو مەرجانەی لە سیستمی ئەسیكۆدا هەن، لە سیستمەكەی هەرێمی كوردستانیش هەن.

زیاتر گوتی، عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم سیستمەی جێبەجێ كردووە، لە كاتێكدا پێویستە هاوئاهەنگیی دروست بكەن، چونكە ئێمە دوو فڕۆكەخانە و چوار دەروازەی نێودەوڵەتیمان هەیە كە عێراق خۆیدانی پێدا ناوە، بەڵام هیچ هاوئاهەنگییەكیان لەگەڵ ئێمەدا نەكردووە تا ئەو دەروازانە تێكەڵ بە سیستمی ئەسیكۆدا بكرێن.

باسی لەوەش كرد، هیچ سیستمێك جێبەجێ ناكەین ئەگەر بەزۆر بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئەمەی حكوومەتی عێراق دەیەوێت بیكات، زیانی لە قازانجەكەی زیاترە.

ئەوە لە كاتێكدایە بە سەتان بازرگان ئێستە لە دەروازەكانی سنووری عێراق گیریان خواردووە و بەهۆی ئەو سیستمە نوێیە، كاری بازرگانییان وەستاوە.



وشە - رامیار جەواد