بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا، ئاوارەكانی عەفرین بەم نزیكانە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، سەرەتا نزیكەی 400 بۆ 500 خێزان دەگەڕێنەوە ناوچەكانی جندرێس، ماباتا و شییای سەر بە عەفرین.
هاوپەیمانیی كۆمەڵایەتیی عەفرین، ئەنجوومەنی پەنابەرانی عەفرین و نوێنەرایەتیی كۆمەڵی مەدەنیی ئەوروپا رایان گەیاند، لە دوای ڕێككەوتنی 29ـی كانونی دووەم كە لە نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا واژوو كرا، ئەوانیش بەگوێرەی بڕگەی ڕێككەوتنەكە لەبارەى گەڕانەوەی ئاوارەكان دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە.
روونیشیان كردووەتەوە، دەیانەوێ هەزاران كەس بنێرینەوە بۆ عەفرین، بەڵام بەهۆی بارودۆخی كەشوهەوا و بەمەبەستی كەمكردنەوەی سەختی بۆ خەڵك، پڕۆسەی گەڕانەوە بە قۆناغ ئەنجام دەدەن.
ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، بەشی یەكەم نزیكەی 400 بۆ 500 خێزان دەنێرینەوە بۆ عەفرین، بەڵام هێشتا وادەی گەڕانەوەیان دیاری نەكراوە، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجام دەدرێت كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە، 150 خێزان لە هەرێمی جندرێس، 150 خێزان لە هەرێمی ماباتا و 100 خێزان لە هەرێمی شییا دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.