هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی گوتی، دۆخی ناوچه‌كه و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی سوپا له كه‌نداو، زۆر قورس ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه ده‌بێته سه‌ركۆماری نوێی عێراق له پارتی بێ یان یه‌كێتی، نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ڕاسپێردرێت، به‌هۆی ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ ڕای گه‌یاندووه، له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی كوردیش گوتی، دیداری پارتی و یه‌كێتی له كه‌شێكی ته‌ندروستن و هه‌ردوولا كار ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نێكی سیاسی كه سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكایه‌تی بكات.
زێباری له دیدارێكی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وان سامر جه‌واد له كه‌ناڵی دیجله‌ی عێراق گوتی، چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی دوو جار پرسیاریان گه‌یاندووه‌ته كۆشكی سپی له‌باره‌ی كاندیدبوونی مالیكییه‌وه، به‌ڵام هه‌ردوو جار به ناڕازیبوون و نه‌خێر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه. له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی كورد گوتی، كه‌شێكی ته‌ندروست له گفتوگۆكانی سه‌رۆك بارزانی و بافڵ تاڵه‌بانی بوونی هه‌بوو، له‌سه‌ر ئاستی بڕیاری جێبه‌جێكردنیش له حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه دوێنێ سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی كۆبووه‌وه، ئێمه بیر له پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نێكی سیاسی ده‌كه‌ینه‌وه، كه هاوشێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سیاسه‌ته ستراتیجییه‌كان بێت كه له 2010 خرایه ڕوو، وه‌كچۆن سوننه‌كان ئه‌نجوومه‌نی سیاسی نیشتمانی و شیعه چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیان هه‌یه، پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌یش زۆر سوودبه‌خش ده‌بێ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه له‌لایه‌ن زێباری خرایه ڕوو و ئاماژه‌ی دا، سه‌ركرده‌ی سه‌ره‌كییه‌كان له‌و ئه‌نجوومه‌نه ده‌بن و ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌عنه‌وی و سیاسی ده‌بێ نه‌ك یاسادانان و جێبه‌جێكردن، برایانی یه‌كێتی پێشوازییان لێكردووه و پێشنیازیان كردووه كه سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه بێت، هه‌ردوو حزب واته پارتی و یه‌كێتیش كار ده‌كه‌ن كه ته‌واوی حزبه‌كانی تر و نوێنه‌ری كریستیان و توركمانیش بێنه ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌وه.
له‌باره‌ی دۆخی سووریا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ده‌ستبه‌ردانی واشنتن لێیان، هۆشیار زێباری گوتی، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی لێ به‌رنه‌داون، به‌ڵام هه‌سه‌ده هه‌ڵه‌یان هه‌بوو و چه‌ندان جار ئامۆژگاری زۆرمان كردن، كه پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بپچڕێنن، وه‌ك لایه‌نێكی كوردی نیشتمانی له سووریا پێناسی خۆیان بكه‌ن، ئه‌وان دۆز و سیسته‌می خۆیان هه‌یه و پێویسته بچنه دیمه‌شق و داوای مافهكن و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن، خاڵێكی تر كه پێویست نه‌بوو زۆر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان شۆڕ بكه‌نه‌وه بۆ ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان.
زێباری سوپاسی هاتنی شاندی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ كوردستان كرد، كه ڕۆڵی ئه‌رێنیان هه‌بوو بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونی هه‌ردوو حزبه‌كه كوردییه‌كه و گوتیشی جارێ زووه پیرۆزبایی له كاندیدێك بكه‌ین بۆ بوون به سه‌رۆك كۆمار، چونكه ئه‌م بڕیاره هێشتا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی بۆچوونی كورد له‌باره‌ی كاندیدبوونی مالیكی گوتی، به شاندی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیمان گوت، ئێوه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تان هه‌یه كه ناوی تره‌مپه، كه مالیكیتان كاندید كرد یه‌كه‌م كهسبووین پیرۆزباییمان لێ‌كرد، ئێسته‌یش بڕیاری كاندیدبوون له ده‌ست چوارچێوه‌یه و داوایشمان لێ‌كردن كه دیاریكردنی كاندیدی سهركۆمار بۆ كورد لێ بگه‌ڕێن.
ئه‌مه‌ریكا وڵاتی دامه‌زراوه‌یه و بڕیاره‌كان به هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌رناكرێن، له‌میانه‌ی دیداری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێیان ڕاگه‌یاندووه، كه هیچ كێشه‌یه‌كی كه‌سییان له‌گه‌ڵ مالیكی نییه، به‌ڵام كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كان هه‌یه، ده‌یانه‌وێ حكوومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دوور له هه‌ژموونی ئێران پێك بێت و گوتوویانه، كه ناتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هیچ حكوومه‌تێك بكه‌ن، كه نوێنه‌ری گرووپه چه‌كداره‌كانی خراونه‌ته لیستی تیرۆر و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌وه سزاداراون، تێیدا هه‌بن. هه‌روه‌ها تیشكیان خستووه‌ته سه‌ر سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر كۆمپانیای سۆمۆ و بانكی ناوه‌ندی و ڕه‌وانه‌كردنی دۆلار بۆ عێراق، له‌و سێكته‌رانه‌وه دژی عێراق ده‌وه‌ستنه‌وه، ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌مه‌ریكا بجووڵێنه‌وه. زێباری له دیداره تهلهڤزیۆنییهكه وای گوت.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ڕای گه‌یاند، سه‌ركۆماری داهاتوو له پارتی بێ یان له یه‌كێتی، زۆر قورسه بتوانێ نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ڕاسپێردرێت، ئه‌گه‌ر دۆخی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ڵوێسته‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت. به‌شێك هه‌وڵده‌ده‌ن كه ئه‌و هه‌ڵوێسته نێوده‌وڵه‌تییه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام من لێره‌وه پێیان ده‌ڵێم ئه‌مه كارێكی قورسه.