ئەمڕۆ یەكەم رۆژی رەمەزان دیاری دەكرێت

:: AM:08:58:17/02/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەكانی بینینی مانگ لە شار و شارۆچكەكان، چاودێریی بینینی مانگ بكەن و یەكەم رۆژی رەمەزان دیاری بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی شوبات، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەمەبەستی چاودێریكردن و دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی پاش كۆبوونەوەكە، لیژنەی باڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆتا بڕیار ئاشكرا دەكات، ئەگەر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم مانگ بینرا، ئەوا چوارشەم دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، بەڵام ئەگەر مانگ نەبینرا، ئەوا چوارشەم دەبێتە تەواوكەری مانگی شەعبان و رۆژی پێنجشەم دەبێتە یەكەم رۆژی رەمەزان.

ئەو وڵاتانەی كە پشت بە زانستی فەلەكناسی دەبەستن ڕایان گەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەم یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە.

چەند وڵاتێك پێشەكی رایان گەیاندووە ڕۆژی سێشەم مانگ لە هیچ وڵاتێكی ئیسلامی و تەنانەت هەردوو كیشوەری ئەمەریكاش نابینرێت، بۆیە ڕۆژی پێنجشەم دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.



وشە - رامیار جەواد