لە شارۆچكەی مەخموور دەست كرا بە بەستنی پێوەری زیرەك بۆ پڕۆژەی رووناكی و یەكەم گەڕەكیش ئەو پێوەرەی بۆ بەسترا، گەڕەكی كوردستان بوو.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی شوبات، ئەندامێكی تیمی بەستنی پێوەری زیرەك لە مەخموور، بە "وشە"ـی راگەیاند، پڕۆژەی ڕووناكی گەیشتە مەخموور و یەكەم گەڕەكیش گەڕەكی كوردستانە كە هەموو شتێكی تەواو بووە و بۆردەكانی ماڵانیش تەواو بوون.
زیاتر گوتی، لەگەڵ گەیشتنی كارەبای 24 سەعاتی، سێ مانگی یەكەم وەك هەموو شار و شارۆچكەكان داشكانی هەیە، بەڵام لە دوای مانگی سێیەم وەك تەواوی شار و شارۆچكەكانی تر هەمان بڕە پارە دێتەوە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەكانی كارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی، كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەموو كوردستان دابین بكات تا كۆتایی ساڵی 2026، هەروەها جێگەی باسە كە ناوەندی شارەكانی هەرێمی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین كراوە.