لە كەركووك دژی حكوومەتی عێراق خۆپێشاندانە

:: AM:10:07:17/02/2026 ‌
ژمارەیەكی زۆری جووتیاران دژی حكوومەتی عێراق گردبوونەوە و داوای شایستە داراییەكانیان دەكەن كە تا ئێستە وەریان نەگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی شوبات، جووتیارانی كەركووك گردبوونەوە و داوای شایستە داراییەكانی خۆیان كرد، كە هەموو ساڵێك تەنیا لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان دوا دەكەوێت.

بەكر حەسەن نوێنەری ئەو جووتیارانە، بە "وشە"ـی راگەیاند، حكوومەتی عێراق تا ئێستە زیاتر لە 55% پارەی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی نەداوە، وەرزی چاندنی ساڵی نوێش تەواو بوو و ئەمە پارەی ساڵی رابردووە.

زیاتر گوتی، شایستەی جووتیاران زیاتر لە 412 ملیار دینارە، تا ئێستە تەنیا 168 ملیار دینار دابەش كراوە، بۆیە ئەمە بارگرانییەكی زۆری لەسەر جووتیاران دروست كردووە.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ وەك جووتیاران لە بەردەم سایلۆی كەركووك گرد بووینەوە، ناڕەزایەتیمان هەیە و ئەمە هۆشدارییە بۆ حكوومەتی عێراق، لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی كێشەكە، هەنگاوی كرداری دەنێین و گردبوونەوەكان فراوان دەكەین.



وشە - رامیار جەواد