وێندی گرین بەشداریی پرۆگرامی پەروەردەیی "ئاكسێس" لە شێخان كرد

:: AM:10:21:17/02/2026 ‌
وێندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، بەشداریی لە رێوڕەسمی كردنەوەی پرۆگرامی پەروەردەیی "ئاكسێس" لە شێخان كرد، كە تایبەتە بە پەرەپێدانی توانای قوتابییان لە زمانی ئینگلیزیدا و رەخساندنی دەرفەتی نوێی پەروەردەیی بۆ گەنجانی ناوچەكە.

كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر رای گەیاند، ئەم پرۆگرامە لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكاوە پاڵپشتیی دارایی دەكرێت و دامەزراوەی "فری ئێزیدی" جێبەجێی دەكات.

ئەوەشی گوتووە، لە رێگە ئەم پڕۆژە دوو ساڵییەوە، زیاتر لە 100 قوتابی بەتوانای قۆناغی ئامادەیی لە قەزای شێخان و كەمپی ئاوارەكانی نزیك قەزاكە، دوای خوێندنی رۆژانەی خۆیان، خولی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی وەردەگرن بە مەبەستی بەهێزكردنی ئاستی زانستییان.

دەشڵێت، مێژووی دوو سەدە و نیوی بەها ئەمەریكییەكان وەك پەروەردە و دەرفەتی كار، بەرز دەنرخێنن و پیرۆزبایی لە خوێندكارانی بەشداری پرۆگرامەكە دەكەن بۆ ئەو دەستكەوتە گرنگەیان.



وشە - سۆران عەزیز