ژنێك بەتەنیا دەوری باڵوێزێكی چالاك بۆ كورد لە دنیادا دەبینێت

:: AM:11:31:17/02/2026 ‌
ژنێكی كورد لە زۆرینەی كۆنفرانس و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی دنیادا بەشداریی دەكات و لەناو هەمووشیاندا باسی دۆزی كورد دەكات، ئەویش دۆزین تیكاڵە.

دۆزین تیكاڵ چیتر تەنیا وەك ڕۆژنامەنووسێكی سەركەوتوو لە میدیاكانی ئەڵمانیادا نابینرێت، بەڵكو وەك كارەكتەرێكی سیاسی و دیپلۆماسیی كاریگەر دەركەوتووە.

 تیكاڵ كە كچە كوردێكی ئێزیدییە، لە دواین هەنگاوەكانیدا توانیی ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت لە گەیاندنی دەنگی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ یەكێك لە گرنگترین سەكۆ سیاسییەكانی دنیا.

نەك هەر ئەوە، لە زۆرینەی كۆنفرانسەكاندا دەبینرێت و هەموو دەرفەتێك بۆ كورد دەقۆزێتەوە، لە میونشن لەپڕ یەخەی گراهامی كەسایەتیی دیاری كۆمارییەكانی ئەمەریكا و دۆستی كوردی گرت و باسی پشتگیریی كوردی لەگەڵدا كرد و ئەویش گوتی، كورد جێنایەڵین.

لە كۆنفرانسی میونشن دۆزین دەوری زۆر بوو لە گەیاندنی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بە بەرپرسانی دنیا و تەنانەت باس لەوە دەكرێت كە ئەو یارمەتیدەر بووە تا ئەوان بانگێشتی كۆنفرانسەكە بكرێن.

تیكاڵ تەنیا لە پشت مێزی كۆنفرانسەكان كار ناكات، بەڵكو بە بوێرییەكەی لە مەیدانیشدا ناسراوە، مانگی ڕابردوو لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تیكاڵ ڕووبەڕووی ئەحمەد شەرع بووەوە و هەوڵی دا وەك ڕۆژنامەنووسێك ‌و پارێزەرێكی مافی قوربانیانی جەنگ، چەند پرسیارێكی ڕاستەوخۆی ئاراستە بكات، ئەمەش كاردانەوەی زۆری لە میدیا جیهانییەكاندا لێكەوتەوە.

دۆزین كە ئەندامێكی چالاكی پارتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیایە (CDU)، كارەكانی تەنیا لە چوارچێوەی میدیادا نەهێشتووەتەوە، ئەو لە ڕێگەی ڕێكخراوەكەیەوە HÁWAR.help، بەردەوام كار لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان‌ و مافی پەنابەران دەكات، شارەزایانی سیاسیی پێیان وایە تیكاڵ توانیویەتی "هێزی نەرم"ی میدیا بەكار بهێنێت بۆ خزمەتكردنی دۆزی نەتەوەیی ‌و مرۆیی لە ئەوروپا.

دۆزین تیكاڵ كێیە؟
دوزێن تیكاڵ (Düzen Tekkal) ڕۆژنامەنووس، چالاكی مافی مرۆڤ ‌و دەرهێنەرێكی كوردی ئێزیدییە كە لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو بەیەكێك لە دەنگە هەرە دیارەكانی بەرگریكردن لە كەمینە ئاینی ‌و نەتەوەییەكان دادەنرێت.

لە ساڵی 1978 لە هانۆڤەری ئەڵمانیا لە خێزانێكی كوردی ئێزیدی كۆچبەر كە خەڵكی باكوری كوردستان شاری ئامەدن لە دایك بووە.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، گەشتی كرد بۆ باشووری كوردستان ‌و عێراق بۆ بەدۆكیۆمێنتكردنی جینۆسایدی ئێزیدییەكان، فیلمەكەی بەناوی "HÁWAR – My Journey to Genocide" كاردانەوەیەكی جیهانی گەورەی هەبوو.

ڕێكخراوی بەهاناوەچوونی هاواری دامەزراندووە كە هاوكاریی ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش‌ و منداڵانی ناو كەمپەكان دەكات، هەروەها پڕۆژەی (گێرمەن دریم)ی بۆ پەروەردەی دیموكراسی لە ئەڵمانیا دەست پێ كردووە.

دوزەن تیكال لەبارەی كارەكانیەوە دەڵێت: ''پێویستە دەنگی كورد بگاتە دنیا و بتوانین لەگەڵ هەموو كەسێك لە ئەمەریكا، فڕەنسا و ئەڵمانیا گفتوگۆ بكەین. ئەمە بە كارێكی گەلێك گرنگ دەبینم. خەڵك دەبێ لەوە تێبگات كە چی بەسەر كورد دەهێنرێ و چەندە شەهیدمان داوە.''



وشە - سۆران عەزیز