كێشەی مووچەی پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەر چارەسەر كرا

:: AM:11:32:17/02/2026 ‌
دوای راگیرانی مووچەی نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگەی سەنگەر، ئێستە كێشەكانیان بەرەو چارەسەری دەچێت و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەكانیان.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی شوبات، كەریم باست نوێنەری خانەنشینان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو مانگەی كەمئەندامانی سەنگەر بەهۆی تەواو نەبوونی مامەڵەكانیان مووچەیان وەرنەگرتووە.

زیاتر گوتی، بە هەوڵی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی، كێشەكە بەرەو چارەسەربوون دەچێت و ئەمڕۆ زیاتر لە سێ‌ هەزار كەمئەندام كە دۆسیەكەیان تەواو كراوە، مووچەی مانگی یەك وەردەگرن.
 
باسی لەوەش كرد، ئەوانە تەنیا مووچەی مانگی یەكیان كێشەی نەبوو كە وەریان نەگرتووە، بەڵكو كێشەیان لە مووچەی مانگی 10ی ساڵی رابردووش هەبوو وەریان نەگرتووە.

روونی كردەوە، نزیكەی هەزار كەمئەندامی سەنگەر هەن ئێستە دۆسیەیان نییە، بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا كاروباری دۆسیەكەی ئەوانیش تەواو بكرێت و كێشەكە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت، ئەو نۆ هەزار پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەر لە یەكەی 70 و 80 هەبوون و هیچ كێشەیەكان نامێنێت.



وشە - رامیار جەواد