مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، هەمیشە سەلماندوویانە كەرەستەی گەورەی پارتین.
ئەمڕۆ چوارشەم 18 ی شوبات، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، سەردانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتییەكەی كرد و لەلایەن سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت پێشوازیی لێ كرا.
لە گوتەیەكدا و بە بۆنەی 73مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە، پیرۆزباییەكی گەرمی لە سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و گشت ئەندامانی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئەندامانی ئەم رێكخراوە، هەمیشە سەلماندوویانە كەرەستەی گەورەی پارتین و ئەم ڕێكخراوە تێكۆشەرە، مەڵبەندێك بووە بۆ پێگەیاندنی زۆربەی سەركردەكانی پارتی و ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان.
جێگری سەرۆكی پارتی هەروەها گوتی، هیواداراین لە سەردەمی ئێستەشدا، یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، رۆڵی كاریگەریی هەبێت لە پێگەیاندنی گەنجەكانمان و پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری لە ناو لاوان و قوتابیانی كوردستان.