فەرمانگەی میدیا و زانیاری، كۆمەڵێك داتا و زانیاریی لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە، حكوومەتی عێراق بە گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەعەرەبكردن تۆمەتبار دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (بەڵگەنامە و زانیاریی تایبەت بە مادەی 140ی دەستووری عێراقی فیدراڵ) بڵاو كردەوە و تێیدا چەندان داتای خستووەتەڕوو.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لە ساڵانی 2005 بۆ 2025، زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 تەرخان كراوە و جێبەجێ نەكراوە.
دەشڵێت، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە ساڵی 2017، سیاسەتی تەعریب بە چاودێریی ئیدارەی سەپێنراوی شارەكان دەستی پێ كردووەتەوە، گۆڕانكاریی گەورە لە پۆستە كارگێڕییەكان كراوە و دەیان پۆستی باڵا لە كورد سەنراونەتەوە.
لەو راپۆرتەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناوچەكانی ناو مادەی 140ـی دیاری كردووە كە ئەمانەن:
- كەركووك: سەنتەری شار و سەرجەم قەزا و شارەدێیەكانی دەگرێتەوە.
- نەینەوا: قەزای شنگال، قەزای حەمدانیە، قەزای شێخان، قەزای مەخموور، قەزای زومار، قەزای تلكێف، شارەدێیەكانی بەعشیقە، قەحتانیە، رەبیعە دەگرێتەوە.
- دیالە: قەزای خانەقین و شارەدێیەكانی گوڵاڵە، سەعدیە، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای قەرەتەپە، قەزای شارەبان و شارەدێیەكانی، قەزای بەلەدرووز و شارەدێی مەندەلی دەگرێتەوە.
- سەڵاحەدین: دووزخورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ دەگرێتەوە.
- واست: قەزای بەدرە و شارەدێی جەسان دەگرێتەوە.
- لە هەرێمی كوردستانیش چەمچەماڵ، ئاكرێ، فایدە، كفری و كەلار هەن.
"118 هەزار دۆسیە یەكلا كراونەتەوە"
لە بەشێكی تردا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوی دەسەڵاتی پێشووی عێراق، بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق و "یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی رژێمی بەعس" بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان جێبەجێ نەكراون.
بەگوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ساڵی 2012ـەوە 118 هەزار دۆسیە لە پارێزگاكانی كەركووك، دیالە، نەینەوا، سەڵاحەدین یەكلا كراونەتەوە و قەرەبووی "راگوێزراوان و هاوردەكراوان" كراوەتەوە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، "لە كەركووك، خانەقین و گوڵاڵە 11 هەزار و 800 دۆنم زەوی (بەپێی بڕیاری 29 و 30ی ساڵی 2012) گەڕێنرانەوە بۆ خاوەنی راستەقینەیان دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان."
لە بەشێكی تری زانیارییەكانی فەرمانگەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە كەركووك، خانەقین و گوڵاڵە "دۆسیەی 48 هەزار خانوو" یەكلا كراوەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لە "گۆڕینی سنووری دیمۆگرافیای یەكە كارگێڕییەكان" لە كەركووك، خانەقین، گوڵاڵە و شنگال كردووە و رای گەیاندووە، "راگواستنی دانیشتووان و هێنانی عەرەبی هاوردە، زیادكردنی ژمارەی عەرەب و كەمكردنەوەی ژمارەی كورد" ئەنجام دراوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017دا حكوومەتی عێراق، بیرۆكەی سەپاندنی هێزی بێ رێكاری یاسایی و بە پێچەوانەی دەستوور بەكار هێنا، كە لە مادەی 13ی دەستووردا هاتووە (سوپا نابێتە ئامرازێكی سەركوتكەری گەلی عێراق). حكوومەتی عێراق بە جووڵاندنی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، هێرشی كردە سەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و داگیریان كرد. بەهۆیەوە جارێكی تر سەتان هەزار كەس لە خەڵكی رەسەنی ئەم ناوچانە ئاوارەبوونەوە و تاوانی جەنگی و دژ بە مرۆڤایەتییان بەرانبەر خەڵكی ئەو ناوچانە بەتایبەت كەركووك و خورماتوو ئەنجام دا، بەهۆی ئەو رووداوانەش جارێكی تر پرۆسەی تەعریبكردنەوە لەو ناوچانە دەستی پێ كردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە ئەمانە روویان داوە:
- پێدانەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان بە عەرەبی هاوردە و دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری هاووڵاتییان.
- كەمكردنەوەی بەشداری پێكردنی كورد لە داودەزگا حكوومییەكانی ئەم ناوچانە و گۆڕینی سنووری یەكە كارگێڕییەكان.
- دەستگرتن بەسەر سێكتەرە ئابوورییەكان: دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە نەوتییەكان لەم ناوچانە، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە دوای هێرشەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، تەعریبكردنەوە لە پارێزگای كەركووك و ناوچەكانی تر دەستی پێ كردەوە. هەر لە سەرەتای داگیركارییەكان زۆربەی پۆستە ئیدارییەكان لە ناوچە كوردستانییەكان بەتایبەت كەركووك، خورماتوو، خانەقین و شنگال، لە كورد وەرگیرانەوە و خەڵكی عەرەب و توركمان لە شوێنیان دانران، دیارترینیان لادانی پارێزگاری كەركووك بوو، بەشێوەیەكی گشتی لە كەركووك 10 پۆستی ئیداری، لە زومار چوار پۆست، لە خورماتوو 10 پۆست و لە شنگال چوار پۆستی ئیداری لە كورد وەرگیرانەوە و خەڵكی عەرەب و توركمان لە شوێنیان دانران.
لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا باس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە كراوە و راگەیەنراوە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئاسانكاریی بۆ عەرەبە هاوردەكان كرا لە گواستنەوەی ناسنامە، فۆرمی خۆراك، كارتی زانیاری و پێدانی پاڵپشتی بۆ نیشتەجێبوون، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری نفووسی ساڵی 1957 و بڕیارەكانی تایبەت بە ناوچەكانی سنووری مادەی 140، هەروەها لەوكاتەدا پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بەكردار دەستی كرد بە جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب، گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی كە پێشتر رژێمی پێشوو ئیمتیاز و زەویی پێ دابوون (خاوەنی رەسەنی زەوییەكان زۆربەی كورد و هەندێكی توركمان بوون). هەروەها هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەشێك بوون لە جێبەجێكردنی سیاسەتی ئەوكاتی پارێزگاری كەركووك بۆ تەعریبكردنەوەی ناوچەكە.